هه‌ر کام له ئێمه ڕۆژانه به‌رده‌وام سه‌رقاڵی فێربونه،
که‌لێنێک له ژیان دا نادۆزرێته‌وه که فێربوونی تێدا ڕوونه‌دات. فێربوون ته‌نیا
له‌ناو قوتابخانه و فێرگه‌کان دا ڕوونادات، به‌ڵکوو له ناو ماڵ، شه‌قام، کارگه‌کان،
شوێنه ئایینیه‌کان و هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یه‌یه‌نه جۆراوجۆره‌کان دا و به گشتی
له هه‌ر شوێن و کاتێک دا ڕووده‌دات. فێربوون هه‌ڵگری سه‌رجه‌م ئه‌و شاره‌زایی،بیرۆکه،
لاگیریی وزانیاریانه‌یه که مرۆڤێک له ماوه‌ی ژیانی دا ده‌یجه‌ره‌بێنێت و ئه‌زموونی
ده‌کات.
تا ئێستا پێناسه‌گه‌لێکی زۆر و به‌رفراوان له فێڕبوون
دراوه. زۆربه‌ی خه‌ڵک و زۆرێک له مامۆستایان لایان وایه فێربوون بریتیه
له: وه‌ده‌ست هێنانی زانیاری یان کارامه‌ییه‌کی تایبه‌ت. هه‌ندێک له زانایانی
بواری په‌روه‌رده‌ش لایان وایه فێربوون بریتیه له: وه‌گوازتنی چه‌ند چه‌مک و
واتایه‌ک له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی تر.
له‌م پێناسانه دا مێشکی قوتابی وه‌ک خه‌زێنه و ئه‌نبارێک
داده‌ندرێت که ده‌بیت له‌لایه‌ن مامۆستاوه ته‌ژی بکرێت. له‌م چه‌شنه له‌فێربوون
دا مامۆستا ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت و سه‌ره‌ڕای فێرکردن بارهێنانی قوتابیانیشی
ده‌که‌وێته ئه‌ستۆوه. قوتابی له‌م ناوه‌دا چالاکیه‌کی ئه‌وتۆی نیه و ته‌نیا ئه‌رکی
گوێدان و گوێ ڕایه‌ڵی مامۆستای به ئه‌ستۆوه‌یه و سه‌رجه‌م تێکۆشان و چالاکی
ڕاگواستنی واتا و چه‌مکه‌کان به ئه‌ستۆی مامۆستوه‌یه.له‌م شێوازه دا قوتابی هه‌رچه‌ند
بتوانێت بابه‌ته‌کان باشتر به مێشکی بسپێرێت پێشکه‌وتێکی زۆرتری هه‌یه.
کێشه‌ی ئه‌م شێوازه ئه‌وه‌یه که له‌به‌رکردن و
دووپاته‌کردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان نایوانێت فێربوونێکی مانادار به‌رهه‌م بێنێت و
زۆربه‌ی کاته‌کان واتا زانستیه‌کان بۆ قوتابی بێ واتا ده‌مێننه‌وه، هۆکاره‌که‌شی
ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پێک نه‌هاتنی پێوه‌ندی له‌نێوان ئه‌م چه‌مک و واتایانه ده‌گه‌ڵ
ئه‌زموونی ژیانی قوتابی. له‌م شێواز و جۆره چالاکیانه دا پێداویستی و حه‌زه‌کانی
قوتابیان وه‌به‌رچاو ناگیرێت و گرنگیان پێ‌نادرێت هه‌ربۆیه‌ش گۆڕانکاریه‌کی ئه‌وتۆ
له ڕوانگه و تایبه‌تمه‌ندی و هزری قوتابیان دا پێک ناهێت.
ڕه‌وشتیه‌کان فێربوون به : پێک هاتنی گۆڕانکاری
له کرده‌وه به‌رچاو و شیاوی هه‌ڵسه‌نگادنه‌کان،پێناسه ده‌که‌ن.به‌ڵام لایه‌نگرانی
ڕوانگه و مه‌کته‌بی گشتالت لایان وایه فێربوون بریتیه له: وه‌رگرتنی ڕوانگه‌ی
نوێ یان گۆڕوانکاری تێڕوانینه کۆنه‌کان. وه‌ک ده‌بینین، چلۆنایه‌تی پێناسه له فێربوون
پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی هه‌یه به ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فی په‌روه‌رده
و بارهێنانو ده‌روونناسی په‌روه‌رده. له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ر ڕوانگه‌یه‌که‌وه که
فێربوون پێناسه بکرێت، بنه‌مای ڕه‌وشتی مرۆڤ پێک دێنێت و تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی
و به‌رچاوی بریتیه له گۆڕان. گۆڕانێکی ئه‌وتۆ که به هێوری پێک دێت و تا
ڕاده‌یه‌ک جێگیره و له ڕێگای ئه‌زموونه‌وه پێکهاتوه. له ڕێگای فێربوونه‌وه،
تاک ژینگه‌ی خۆی ده‌ناسێت، زۆر جار هه‌مبه‌ری ده‌وه‌ستێت و ته‌مای گۆڕانی ده‌گرێت،
زۆر جاریش ژینگه شوێنی له‌سه‌ر داده‌نێت و زۆر جاریش خۆی ده‌گه‌ڵ دا ئه‌گونجێنێت.
که واته فێربوون ڕه‌وتێکه که له‌ودا ڕه‌وشتی
بوونه‌وه‌ره‌کان، له ژێر کارتێکه‌ری ئه‌زموون دا، ئه‌گۆڕدرێت.
یه‌کێک له چڕووپڕترین پێناسه‌کان که له فێربوون
هاتۆته ئاراوه، پێناسه‌ی هیلگارد و مارکویزه که بریتیه له: فێربوون بریتیه له ڕه‌وتی گۆڕانکاری تا ڕاده‌یه‌ک به‌رده‌وام
له ڕه‌وشتی شاردراوه‌ی تاک دا، له‌ڕێگای
ئه‌زموونه‌وه[1].
ئه‌م پناسه‌یه هه‌ڵگری چه‌ند چه‌مک و واتای نوێیه له فێربوون وه‌ک: ڕه‌وت
یان پرۆسه‌ی گۆڕانکاری، تاڕاده‌یه‌ک به‌رده‌وام ، ڕه‌وشتی شاراوه، ئه‌زموون که
لێره‌دا بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مکانه به کوورتی شیکاری ده‌کرێن.
1-
واتای ڕه‌وت: ڕه‌وت بریتیه له ڕوودا و پێوه‌ندی به‌رده‌وام
و له گه‌ڕدا که ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ر دا ئه‌هێت. تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاوی ڕه‌وت، جم
و جۆڵ و به‌رده‌وام بوونه که ئه‌مه‌ش له ڕێگای پێوه‌ندی و هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رده‌وامی
پێکهاته و بگۆڕه‌کانی دا پێکدێت و بێ سه‌ره‌تا و کۆتاییه. به‌م پێیه فێربوون
ڕه‌وتێکه، چوونکه به هۆی پێوه‌ندی به‌رده‌وامی نێوان تاک ده‌گه‌ڵ ژینگه‌و به‌رده‌وام
و له هه‌موو شوێنێ و بێ بڕانه‌وه و به‌رده‌وام دێته ئاراوه.
2-
واتای گۆڕان: فێربوون چه‌شنێک گۆڕانه که له ڕه‌وتی
ئه‌زموون و ئه‌زموون کردن دا ڕووده‌دات و تا ڕاده‌یه‌کیش به‌رده‌وامه و پله به
پله به‌ده‌ست دێت، به‌ڵام ناشێت به هه‌ر چه‌شنه‌ک گۆڕانێکیش بگوترێت. ئه‌و چه‌شنه
له گۆڕانکاریانه‌ی که هۆکاره‌که‌یان گه‌شه‌ی له‌شه یان به هۆی باڵغ بوونه‌وه
ڕووده‌ده‌ن، یان گۆڕانکاریه فیزیۆلۆژیکه‌کان(گچکه بوونه‌وه‌ی ڕه‌شکێنه‌ی چاو له
ژێر تیشکی خۆر) یان ئه‌و گۆڕانانه‌ی که به هۆی هۆکاره مکانیکی یان کیمیاییه‌کانه‌وه
پێک دێن(گیرانی ماسوولکه‌کانی له‌ش له کاتی داهێزان و ماندووبوون و کار دا)
ناکرێت واتای فێربوونیان به‌سه‌ر دا داسه‌پێندرێت. له هه‌نبانه بۆرینه دا گۆڕان
به واتای له حاڵێکه‌وه بۆ حاڵێکی تر جوون واتا کراوه‌ته‌وه.
3-
تاڕاده‌یه‌ک به‌رده‌وام: ئه‌م واتایه ئه‌مه ئه‌گه‌یێنێت
که ئه‌و جۆره له گۆران و گۆڕانکاریانه‌ی که کاتین یان هۆکارێکی وه‌ک
ماندووبوون، تووڕه‌یی، نه‌شه و...هتد یان هه‌یه، ناچن ده‌ناو خانه‌ی فێربوونه‌وه.
فێربوون تاڕاده‌یه‌ک به‌رده‌وامه و ڕووداوێکی له‌ناکاو و به‌هه‌ڵکه‌وت یان له
ژێر کارتێکه‌ری کاره‌ساتێک هاتبێته ئاراوه فێربوون نیه.
4-
واتای ڕه‌وشتی شاراوه: به‌کار هێنانی ئه‌م واتایه ئاماژه
دانه به جیاوازی نێوان فێربوون و
کردار. فێربوون بریتیه له
پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی له پێکهاته‌ی مێشکی مرۆڤ دا که هێشتا ناتوانین بیپێوین. هه‌ندێک
له‌م گۆڕانکاریانه ڕه‌نگه به‌هۆی له‌بار بوونی باروودۆخ، له کرداری مرۆڤ دا خۆی
نیشان بدات و ببێته کرداری ئاشکرا که پێی ده‌ڵێین کردار. هه‌ڵبه‌ت نابێت
ئێمه وا چاوه‌ڕوان بکه‌ین که فێربوون له زووترین کات دا ڕه‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بێت.
زۆر کات مرۆڤه‌کان بابه‌تێک یان وانه‌یه‌ک فێر ده‌بن به‌ڵام به‌هۆی گوونجاو نه‌بوونی
هه‌ل و مه‌رج و پێکنه‌هانتی باروودۆخ ناتواندرێت ببێته کردار، هه‌ر بۆیه‌ش
هیلگارد و مارکۆئیز له جیاتی پێناسه‌ی فێربوون به گۆڕانکاری له کردار باس له
گۆڕانکاری له کرداری شاراوه‌دا ده‌که‌ن.
5-
واتای ئه‌زموون: واتا ته‌نیا ده‌توانی به‌و تاقمه له
گۆڕانکاریانه بڵێین فێربوون که به‌رهه‌می ئه‌زموون و جه‌ره‌باندن بن، واتا شوێن
دانه‌ری دوو لایانه‌ی ژینگه و تاک له‌سه‌ر یه‌کتری تێدا به‌دی بکرێت. له کاتی
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاک ده‌گه‌ڵ سرووشت سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی له‌ش وه‌گه‌ڕ ده‌که‌ون
و ده‌ست ده‌که‌ن به جه‌ره‌باندن و به پێی ڕوانگه‌و حه‌زه‌کانی تاک پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ
ژینگه دا ساز ده‌بێت و گۆڕانکاری له تاک دا پێک دێت و به واتایه‌کی تر هه‌رهه‌مووی
که‌سایه‌تی تاک به هه‌موو لایه‌نه‌کانیه‌وه ده‌که‌وێته پێوه‌ندیه‌وه و
گۆڕانکاری به‌سه‌ر دا دیت. که واته ئه‌زموون به مانای جه‌ڕه‌باندن و که‌وتنه
پیوه‌ندیه ده‌گه‌ڵ ژینکه که مانای ژینگه خۆی به‌ربڵاوه و سه‌رجه‌م ئه‌و که‌ره‌سته
و تاکانه ده‌گرێته‌وه که له ده‌ورووبه‌ری تاک دا بوونیان هه‌یه.
No comments:
Post a Comment